Saturday, May 21, 2011

نزمی کوالێتی و گرانی نرخ بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە رانیە بێزاردەکات

ئامادەکردنی...ئاکۆعەلی



ئینتەرنێت لەسەردەمی ئێستادا بووەتە پێویستیەکی هەمیشەیی خەڵکی و لەو رێگەیەوە هەموو کەس ئەتوانێت ئاگای لە رووداوەکان بێت کەلەهەرکوێی ئەم دنیایەدا روودەدەن و وردەکاریەکانی جیهان سات بەسات بزانن و لەگۆرانکاریەکان رابمێنن.
بۆیە زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە لەو باوەڕەدان لەئێستادا بێ بوونی ئینتەرنێت تەنگژەیەکی گەورە ئەکەوێتە ژیانەوەو ژیان دووچاری گرفت و قەیران ئەکات.بۆیە خەڵک بەلێشاو رووئەکەنە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تادێت بەکارهێنەرانی روو لەزیاد بوون ئەکەن.
بۆیە کوردستانیش بەدەرنیە لەپەی بردن بەم دیاردە جیهانیە و بەژمارەیەکی گەوەرەوە روویان لەبەکارهێنانی ئینتەرنێت کردوە.ئەوەی کوردستان لە وڵاتانی پێشکەوتووی بەکارهێنانی ئینتەرنێت جیا ئەکاتەوە بوونی چەند گرفتێکە لە کوردستان لەبواری ئینتەرنێت و خەڵک ناتوانن وەک پێویست سودی لێ وەرگرن،نمونەیەک لەو شارانە وەرئەگرین کە ئەم گرفتانە بەزەقی تیایا ئەکەوێتە بەرچاو کە ئەویش شاری رانیەیە.

شاری رانیە بریتیە لە دەڤەرێکی فراوان و ژمارەی دانیشتوانی زۆرەو رێژەیەکی زۆر بەکارهێنەری ئینتەرنێتی تێدا بەرچاوئەکەوێت،بەکەرهێنەرانی ئینتەرنێت ئاواتیان ئەوەیە هێڵێکی باشیان هەبێت و کارەکانی خۆیانی پێ ئەنجام بدەن،بەڵام ئەم ئاواتە تا ئێستا وەک خەونێک وایە و نەهاتوەتە دی و بەردەوام گلەیی لە نزمی کوالیتی و گرانی نرخی هێڵەکانی ئینتەرنێت ئەکەن،بەڵام نازانن چی بکەن بۆ ئەوەی لەم کێشەیە رزگاریان بێت.
ئەو هێڵانەی ئەگەنە ناو رانیە بەدوو شێوازە یەکەمیان بەشێوەی سەتەلایت ئینتەرنێتە کەلەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە وەردەگیرێت،دووەمیان بریتیە فایبەرئۆپتیک کەلەرێگەی بورجەکانەوەیە،بە هەردوو شێوازەکەشەوە هێڵەکان لە هەولێر و سلێمانیەوە دەهێنرێنە ناو رانیە.
لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەکۆمپانیاکانی دابەش کردنی هێڵی ئینتەرنێت لەرانیە بەرچاو ئەکەون ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەند سەنتەرو یانەیەکی تایبەت بەهێڵی ئینتەرنێت لە شارەکەدا هەیە، ئەو کۆپانیایانەی کە لە ئێستادا هێڵی ئینتەرنێت دابەش ئەکەن بریتین لەم کۆمپانیایانە(کۆمپانیای پاشا نێت،سپایدەر نێت،تایم نێت،زانیار ئەلیکترۆنیک) لەگەڵ ئەمانەشدا کۆمپانیای فانۆس تلیکۆم لەرێگەی ئامێری تەلەفۆنەوە هێڵی ئینتەرنێت دابەش ئەکات،وەهەروەها ژمارەیەکی تر لەبەکارهێنەرانی ئیینتەرنێت لەڕێگەی مۆبایلەوە سود لە هێڵەکانی ئینتەرنێت وەردەگرن لەرێگای هەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆرەک تلیکۆمەوە.
ئەم کۆمپانیایانە هەندێکیان مۆڵتی کارکردنیان نیە و بریاری بداخستنیان هەیەبەڵام هەر بەردوامن لە کار کردن و هەشیانە قەرزاری وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمن و بەهەمان شێوە مۆڵەتی داخستنیان هەیە تائەوکاتەی قەرزەکان بۆ وەزارەت ئەگێرنەوە. ناوی کۆمپانیاکان بەردەوام لە رانیەدا لەگۆڕان دایە ئەمەش هۆکەی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە ئەوانەی مۆڵەتی داخستنیان هەیە یان قەرزاری وەزارەتن خۆیان لەم جۆرە کێشانە رزگار بکەن ئەچن بە ناویکی تر کۆمپانیا ئەکەنەوە ئەمەش خەریکە وەک دیاردەیەکی لێبێت.
بەشداربوانی هێڵی ئینتەرنێت ناڕازین
مەڵبەند غازی یەکێکە لەو گەنجانەنی کە لەبواری (ئای تی)دا شارەزایە و وەک خۆی ئاماژەی پێکرد چەند هێڵێکی گۆڕیوە،بەڵام تائێستا هیچکامیان نەبوونەتە جێی رەزامەندی ئەوو تا وای لێهاتووە چەند جارێک هێڵەکانی رابگرێت،ناوبراو وتیشی ئەو کۆمپانیایانە خۆیان خاوەنی کۆمەڵێک گرفتن و لەسەرچاوەی وەرگرتنی هێڵەکانیش کۆمەڵێک گرفتییان هەیە تادەگاتە ناو رانیە کۆمەڵێکی تر لەگرفت زیاد دەبێت،مەڵبەند وتیشی کێشەی سەرەکی لەخاوی هێڵەکاندایە هۆکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو کۆمپانیایانە بەقەبارەیەکی کەم هێڵ دەکڕن کە خۆی دەدات لە(٣بۆ٤mg) و ژمارەی بەشداربوویان زۆرە ودەبێتە هۆی خاوبوونەوەی هێڵەکان و کوالێتیان دێتە خوارەوە،ئەوشارەزایەی بواری (ئای تی) وتیشی لەگەڵ ئەم کوالێتیە نزمە نرخەکانیش زۆر بەرزن و لەئاست ئەوهێڵە خراپەدا نیە.
لەرانیە بۆ ئەوەی ببیتە خاوەی هێڵێکی ئینتەرنێت چەند شێوازێکی بەشداری کردن هەیە، هەیانە بەکارتەو بەپێی کاتژمێر بڕێک پارە ئەدەیت،شێوازێکی تری بەشداری کردن بریتە لە مانگانە بەڵام مانگانەش جیاوازی هەیە لە رووی نرخەوە بەم شێوەیەیە (٤٠،٧٠،١٠٠)هەزار دینار بۆ هەر مانگێک،ئەو هێڵەی کە مانگانە (١٠٠)هەزار دینار ئەدات کەمێک لە دوو هێڵەکەی تر باشترن،خۆئەگەر جگەلەم هێلەت هەبێت سودی ئەوتۆی لێ نابینت. ژمارەیەکی تر لەگانجانی رانیە رۆژانە روو  لەیانەو سەنتەرەکانی ئینتەرنێت ئەکەن لە شارەکەدا،ئەم یانەو سەنتەرانە کەمێک لەشێوازی بەشداری کردن هێڵەکانیان باشترە و لەیانەیەکی ئینتەرنێت بۆ یەکێکی تر هەم لەرووی کوالێتی هەم لەرووی نرخ جیاوازەو سەنتەریش هەیە هەر لەناوخۆیدا کوالیتی و نرخی جیاوازە،نرخی یەک کاتژمێر ئەگەر کەسێک بەکاری بهێنێت لە نێوان (١٠٠٠بۆ٥٠٠٠)دیناردایە.
ئاوات عوسمان رۆژنامەنوسێکی شاری رانیەیەو بە هەمان شێوە هێڵێکی ئینتەرنێتی هەیە وتی سەرەڕای بونی چەندین هێڵی ئینتەرنیت،بەڵام کەم و کوریەکی زۆر هەیە لە هێڵەکانی ئینتەرنێت چ لەرووی نزمی کوالیتی و گرانی نرخ و هیچ کام لەم هێڵآنە نەیان توانیوە ببنە جێگای متمانەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت،نابراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ کۆمەڵێک لەگەنجانی رانیە قایمقامییەتی رانیەمان لەم کێشانە ئاگادار کردووەتەوە و قایمقامی رانیەش چەند کۆماپنیایەکی داخستووە،بەڵام دوای ئەوەش هیچ کام لە کۆمپانیاکانی تر هێڵەکانیان باش نەکردووە و نەبونەتە جێی رەزامەندی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ڕانیە، ناوبراو پێشی وایە ئەگەر کۆمپانیاو سەنتەرەکانی ئینتەرنێت لەرانیە بەم شێوەیە بەردەوام بن و‌هێڵەکانیان باش نەکەن و نرخەکانیان نەهێننە خوارەوە ئەوا بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەرانیەدا روو لە کەمی دەکەن.
بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەرانیە زۆرجار توشی گرفتێکی تر ئەبنەوە بەتێکەڵ بوونی هێڵەکانی کۆمپانیاکان بەتایبەت ئەوانەی لەدووری ئەوکۆمپانیایانەن کە‌هێڵەکانیان لێ وەرگرتوون،ئەمەش وائەکات کەسودی لێ وەرنەگرن و هێڵەکانیان نامێنێت،ئەمەجگەلەوەی کەئەو رۆژانەی هەورو بارانە هێڵەکان زۆر زۆر لاواز ئەبن و نزیک ئەبن لە نەمانی هێڵ.
نەوزاد بەکر قوتابی زانکۆیەو ماوەیەکی زۆرە سەردانی یانەوسەنتەرەکانی ئینتەرنێت ئەکات پێی وایە تائێستا ئەوسەنتەرانەی ئینتەرنێت نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی باش خزمەتی ئەوکەسانە بکەن کەسەردانیان ئەکەن،نەوزاد هۆکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کەلە رانیە چەند کۆمپانیایەک دەستیان گرتووە بەسەر تۆڕی ئینتەرنێتدا وکێبرکێی ئەوە ناکەن کە ‌هێڵەکانیان باش بکەن و نرخەکانیان دابەزێنن وەک ئەوەی جۆرە رێکەوتنێکیان هەبێت لە نێوان خۆیاندا،ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کەبۆیە هێڵ راناکێشێت چونکە هێڵەکان کوالێتیان زۆر نزمە و نرخیشیان گرانە لەجیاتی ئەوەی سودی لێ وەرگرم توشی سەرئێشەیەکی زۆرم ئەکات،ئەو قوتابیە وتیشی من پێشتر لەرێگەی مۆبایلەوە ئینتەرنێتم بە کار ئە‌هێنا بەڵام لە ئێستادا وازم لێ هێناوە چونکە بەکەڵکی بەکارهێنان نایەت.
خاوەن کۆمپانیاکانیش قسەی خۆیان هەیە
م.ئەدیب خاوەنی کۆمپانیای پاشانێت وتی هێڵی ئینتەرنێت لەرانیە هێواش ترە لەشارەکانی ترو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەو سەرچاوانەی کەئەوان هێڵەکانیان لێ وەرئەگرن،ناوبراو نمونەی بۆ ئەوە هێنایەوە کەئەوانەی کەئینتەرنێت لە رێگەی سەتەلایت وەرئەگرن کوالیتی باش نیەو نرخەکەشی گرانە بەڵام ئەوانەی کەلەرێگەی فایبەرئۆپتیک هێڵی ئینتەرنێت ئەهێنن بۆ رانیە بەپۆینتەو لەرێگەی بورجەکانەوە دێت ئەمەش کێشەی زۆرە و وەک کەش هەوا ئەگەر باران و هەور بێت خەت زۆر خراپ ئەبێت،ناوبراو وتیشی ئێمە  هێڵەکان بەدووئەوەندەی نرخی هەولێرو سلێمانی ئەکڕین ئەوان بۆهەر مێگایەک لەنێوان (٤٠٠بۆ٥٠٠)دۆلار ئەدەن بەڵام ئێمە لەرانیە بە(١٢٠٠)دۆلار ئەیکڕین و کوالیتیشی وەک لای ئەوان باش نیە،م.ئەدیب وتی لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ساڵ هێڵەکان باشترن لەرابدوو.
ئیبراهیم باپیر خاوەنی کۆمپانیای سپایدەرنێتیش وتی ئەوهێڵانەی کە بەدەست ئێمە ئەگات لەرێگەی وایەرلێسەوەیەو بەپۆینتەو گران لەسەرئێمە ئەوەستێت و ئەوان بۆیەک مێگا (٦٠٠بۆ٦٥٠)دۆلار ئەدەن لەهەولێروسلێمانی بەڵام ئێمە بە(٩٠٠)دۆلار ئەو قەبارەیە ئەکڕین ئەگەر دابەشی کەین بەسەرئەو پارەیەدا کە(٤٠)هەزاردینارە (١٢٨kb( ئەکات بۆهەر بەشداربوویەک(٢٠بۆ٣٠)kbئەچێت بۆیان لەچرکەیەکدا ئەوا ئێمەزیان ئەکەین ئەگەر بێت و ئەوان (٢٤)کاتژمێر ئینتەرنێت بەکار بێنن،ناوبراو پێی وابوو ئەوانەی ئەڵێن ‌سەرەڕای ئەوەی هێڵەکان کوالێتیان نزمە نرخیشیان گرانە زانیاری ئەوەیان نیە کەئێمە ئەو هێڵانە بەچەند ئەکڕین ئەگەر بزانن ئەوگلەییەناکەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا تازەترین نوسراو کە بۆ بەڕێوەرایەتی پۆستە و گەیاندنی رانیە هاتووە لەبەرواری (١٤/١٢/٢٠١٠)دا بووە وتێیدا ناوی ئەم کۆمپانیایانە هاتووە  (زانیارئەلکترۆنیک،سپایدەرنێت،میراڵ، تەکنیککار) بەڵام ئەم ناوانە لەئێستادا هەندێکیان گۆرانکاریان بەسەردا هاتووە بەبێ ئەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە ئاگادار بێت.عومەر رەسول داود کەبەڕیوەبەری پۆستەو گەیاندنی رانیەیە وتی ئێمە هیچ زانیاری و دەسەڵاتێکمان نیە لەبارەی گرانی نرخ و نزمی کوالێتی تەنانەت ژمارەی بەشداربوانی هێڵی ئینتەرنێت لە ڕانیە و فەرمانبەرێکیش وتی ئێرە تەنیا بەناو بەڕێوەبەرایەتیە و دەسەڵاتەکانی کارتۆنیە.
ئەی چارەسەر چیە
خاوەنی کۆمپانیای پاشانێت وتی چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەوەی هێڵەکانمان وەک شارەکانی تری لێبێت پێوەستە بە هەمان نرخی شارەکانی هەولێرو سلێمانی هێڵەکان بکڕین بۆ ئەوەی ئێمەش وەک خۆی دابەشی بکەین و بەکار‌هێنەر ئەوکێشەیەی نەمێنێت.
مەڵبەند غازی ئەوە بەچارەسەر ئەزانێت کەکۆمپانیاکانی رانیە بەهەمان کوالێتی و نرخ هێڵەکان دابەش بکەن بۆ ئەوەی بەکار‌‌هێنەرانی ئینتەرنێت سودی لێ وەربگرن.
(ئەبێت کۆمپانیاکانی دابەش کردنی هێڵی ئینتەرنێت بۆ ئەوەی بەکار‌هێنەرانی ئینتەرنێت ئاشت بکەنەوە چارەسەری نزمی کوالێتی و گرانی نرخی خۆیان بکەن)ئاوات عوسمان ئەمەی وت.
نەوزاد بەکر هیوادارە کۆمپانیاکانی هەولێر و سلێمانی خۆیان بێنە رانیە و هێڵێ ئینتەرنێت دابەش بکەن و چی دی نەناڵێنن بەم گرفتەوە چونکە ئەگەر بەنیازی کۆمپانیاکانی رانیە بین ئەوا زەحمەتە وا بەئاسانی گرفتی هێڵی ئینتەرنێت چارەسەر بکرێت.
خاوەنی کۆمپانیای سپایدەرنێتیش بەهەمان شێوە چارەسەر بۆئەوە ئەگەڕێنێتەوە کەهێڵەکان بەهەمان نرخی هەولێر و سلێمانی بکرن بۆئەوەی هەردوولا لەم کێشەیە رزگاری بێت،ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد بۆ باش کردنی هێڵەکان هەندێک سێرڤەری خۆیان هەیە بەنیازن لە داهاتوودا بێبەرامبەر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی بکەن تەنانەت بۆ ئەوانەی هێڵی کۆمپانیاکەی ئەوانیشیان نەبێت.

تێبینی...ئەم راپۆرتە لەگۆڤاری پەڕەموچ بڵاوکراوەتەوە

No comments:

Post a Comment