Tuesday, May 17, 2011

پەیامنێر

پەیامنێر Correspondent
پێناسەی پەیامنێر:
پەیامنێر لە Correspondent ی لاتینییەوە وەرگیراوە. وشەی con بەكوردی دەكاتە پێكەوە و respondeo ش دەكاتە وەڵامدانەوە (وەڵامدانەوەی پێكەوە). پەیامنێری رۆژنامە و گۆڤار، رادیۆ و تەلەفزیۆن یان هەردەزگایەكی دیكەی راگەیاندن، كاری كۆكردنەوەی زانیاری نویێە، نووسین یان دارشتنەوە و ئامادەكردنی بەرهەمێكی رۆژنامەوانییە بۆ ئەودەزگایەی ئەو كاری تێدەكات. وشەی correspondent یان reporter لەگەڵ journalist یان commentator هەمان كار ومانا دەبەخشن و دەشكاتە ئەوەی، لە دوورەوە هەواڵ و زانیاری بۆ دەزگای راگەیاندن دەنێرن. وشەی correspondent بەمانا كلاسیكەكەی دەكاتە ئەوەی، كەسی رۆژنامەنووس بە پۆستە هەواڵ و زانیارییەكان دەگەینیت.

پەیامنێر نوێنەری دەزگایەكی ڕاگەیاندنە و لەناوەوەی ڕووداوەكان، ئەو زانیارییانەی دەستی كەوتوون بەزووترین كات لە شێوەی راستۆخۆ یان تۆمار بە كەنالی تایبەتی، دەیداتە سەرووی خۆی و ئەوانیش لەڕێگای: ماڵپەری ئێلیكترۆنی، ئێزگەی رادیۆ یان تەلەفزیۆن، رۆژنامە یان گۆڤار بۆ جەماوەر پەخش و بڵاوی دەكەنەوە.
ئەوو رووداوانە لەوانەیە: بومەلەرزە و سونامی، شەر و تەقینەوە، كۆنگرەی رۆژنامەوانی، وەرگەرانی ئۆتۆمبیل، نقومبوونی پاپۆر، سووتان، دروستكردنی نەخۆشخانە، چالاكییەكانی حكومەت و پەرلەمان و ڕێكخراوەكانی مەدەنی، ئەنجامی پێشبڕكێكانی وەرزش، بڵاوكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن یان هەموو ئەو زانیارییانەی تازە و دەگمەن و نامۆ و چاوەڕێنەكراو و سەرنجراكێشن، دەستەی نووسەران یان ئەنجومەنی دەزگا لەوبروایەدان پەخش و بڵاوكردنەوەی بۆ جەماوەر پێویستە، پەیامنێرێك یان زیاتر بۆ كۆكردنەوەی زانیاری ورد و دروست رەوانەی ئەو شوێن دەكەن.
كاركردنی پەیامنێر لە دەزگایەك بۆ دەزگایەكی دیكە جیاوازە، لەگەڵ ئەمەش، هەموویان یەك ئامانجیان هەیە، كۆكردنەوە و پەخشكردنی زۆرترین زانیاری لەسەر: رووداوی ئەو جار یان ئەو دانیشتن یان ئەو ئەنجام...هتد.
پەیامنێر، ئەو رۆژنامەنووسەیە، لەسەر بابەتی خۆی یان لە بواری پسپۆری خۆی، هەمووشتێك لە گەرەكی خۆی، ناوچەی خۆی، شاری خۆی، وڵاتی خۆی و تەواوی جیهان دەزانێ‌. بۆئەمەش بەردەوام بەشداری لە كۆنگرەكانی رۆژنامەنووسی و پێشانگاكان دەكات. بۆئەوەی پەیامنێر كارەكانی بەباشی و جوانی راپەڕێنێ، پەیوەندی و كەنالی وەرگرتن و كۆكردنەوەی زانیاری تایبەتی خۆی دروستكردوون و بۆكاتی پێویست سوودیان لێوەردەگرێ‌ و بەردەوامیش لەگەڵیان لەسەر هێڵە.
بۆ ئامادەكردنی بابەتی پێویست، پەیامنێر خۆی، بەدوای قارەمانەكانی خۆی دەگەڕێ و چاوپێكەوتیان لێوەردەگرێ‌ یان لەگەڵ دەكات. زۆرجار بۆلای كەسەكان بەتەنها ناچێت و فۆتۆگرافەرێكیش لەگەڵ خۆی دەبات، بۆئەوە لەكاتی بڵاوكردنەوەی مەتریالەكە وێنەش هەبێت. ئەگەر بۆ رادیۆ یان تەلەفزیۆن بەرهەم ئامادەبكات، دیارە پێویستی بە گروپێك كادر وەك: كامیرامان، ئەندازیاری دەنگ، ستایلیست...هتد دەبێت.  
پەیامنێر ئەگەر لەكاتی كار بێت یان پشوودانی بەردەوام پێویستە: ریكۆردەر، كامیرا، دەفتەرێكی بچووك، مۆبایل و چەند قەڵەمێكی پێبێت، بۆئەوەی لەهەركاتێك پێویست بكات، ئینتەرڤیو لەو كەسەی دەیەوێ‌ وەربگرێ‌، دەنگ تۆمار بكات و وێنەش بگرێ.
ئەو رۆژنامەنووسەی پەیامنێری بۆ دەزگایەكی راگەیاندن دەكات دەبێ بزانێ‌: كار و پیشەی ئەو وەك كار و پیشەی دیكە لە نێوان كاتژمێر 8-16 نییە، بەڵكو لەوكاتانەی ئەو لە پشوودانیشە، ئەگەر رووداوێك روویدا، بێئەوەی سەرووی خۆی ئاگادار بكاتەوە، پێویستە هەواڵ یان زانیاری پێویست بنووسێ و بەزووترین كات بۆ سەرەوەی بنێرێ...
پەیامنێر دەبێ چاوەڕێی ئەوە بكات، نیوەی شەو بە زەنگی تەلەفۆن بەئاگا دێت و ئەو زەنگەش لەوانەیە لەلایەن یەك لە بەڕێوەبەرەكانی یان لەلایەن كەسێك، كە دەیەوێ‌ زانیاری بەسوودی لەسەر رووداوێك، گەندەڵی، ناهەقییەك پێبدات.
پەیامنێر پێویستە بزانێ‌ لە شوێنی روودواو چۆن زانیاری كۆدەكرێتەوە، چۆن فاكتەكان ڕێكدەخرێن و لەچ كەسێك ئینتەرڤیو وەربگرێ‌. گرنگە، لە تەكنیكی وەرگرتنی ئینتەرڤیو زۆر شارەزا و باش بێت، لە ژانری بەدواداچوون پسپۆر بێت و هەستی كۆكردنەوەی زانیاری هەبێت و ئاشقی پیشەی رۆژنامەنووسی بێت.
پەیامنێری كارێكی تایبەتە و لكێكە لە پیشەی رۆژنامەنووسی. زۆرجار ئەو پسپۆرییە تایبەتەی ئەو هەیەتی، بۆ ئەنجامدانی كاری نوێ‌ بەشی ناكات، بۆیەش بۆ پەروەردەكردنی كۆرسی تایبەتی بۆ دەكرێتەوە و فێری وردەكاری نوێ دەكرێ‌. 
لەبەر ئەوەی كاری پەیامنێر بەردەوام لەگەڵ جەماوەرە، پێویستە مرۆڤێكی فەرهەنگیانە و پڕزانیاری بێت. دەبێ زانیاری لەسەر هەموو شت و پسپۆری خۆشی یەكجار زۆر هەبێت. پێویستە مرۆڤێكی رووخۆش، تێگەیشتوو، سەربەرز، چاوتێر، كراوە و خاكی و نموونەیی بێت.
پەیامنێر پێویستە هەموو ئەو كەلوپەلانەی بۆ كاری پەیامنێری بەكاریان دێنی وەك: مۆبایل، كامیرا، كۆمپیوتەر...هتد زۆر باش لێیان بزانێ‌ و جگە لەوەی كارەكانی خۆی پێ جێبەجێبكات، ئەگەر كەسێك پێویستی بەیارمەتی بوو، بتوانێ‌ یارمەتی ئەویش بدات...
پەیامنێر لەبەر ئەوەی بەردەوام لەگەڵ خەڵك تێكەڵە، پێویستە چۆنێتی كاركردنی بەكۆمەڵ فێر بێت و لێی نەترسێ و بە ئاسانی زمانی هاوبەش لەگەڵ هەموو كەسێك بدۆزێتەوە. زۆرگرنگە بەشداری لە خولی تەندروستی كردبێت و لەكاتی پێویست وەك وەرگەران و لێقەومان تاگەیشتنی تیمی پزیشكی بتوانێ‌ یارمەتی پێویست پێشكەش بكات.
پەیامنێر لەسەر داوای دەستەی نووسەران یان ئەنجومەنی دەزگا یانیش بەڕێگای تایبەتی خۆی، بتوانێ‌ پەیوەندی باش لەگەڵ زۆر لە دەزگاكانی حكومەت، ڕێكخراوە مەدەنییەكان و كەسانی پێویست دروست بكات. بزانێ‌ كار لە ئەرشیڤ بكات و ئەرشیڤی تایبەتی خۆی لە شێوەی كاغەز و ئێلیكترۆنیش هەبێت.
زۆرگرنگە پەیامنێر بزانێ‌ و بتوانێ‌ كار لەسەر نامەی خەڵك بكات، بەدواداچوونیان بۆ بكات، فاكتەكان كۆنترۆل بكات و لەكاتی پێویستیش وەڵامیان بداتەوە.
پەیامنێر، ئەگەر لە ناوەوەی وڵات كاربات، لەوانەیە تەنیا بەزمانی دایك بتوانێ‌ كارەكانی خۆی بەباشی ڕاپەڕێنێ، بەڵام زۆر پێویستە یەك لە زمانەكانی ناوچە یان جیهانیش بزانێ‌، چونكە كۆكردنەوەی زانیاری بەیەك زمان لەوانەیە هەندێك جار بابەتەكە پڕنەكات.
ئەو بابەتەی پەیامنێر كاری لەسەر دەكات، ئەگەر پەیوەندی بە جیهانەوە هەبێت خراپنییە، ئینتەرنێت بەكار بهێنێ، لەلایەك بۆ وەرگرتنی زانیاری نوێ، لەلایەكی دیكەش، بۆئەوەی تێبگات، هاوپیشەكانی ئەو چۆن لەسەر هەمان بابەت كاریان كردووە. لێر ئەو بۆ دەوڵەمەندكردنی بابەتەكە دەتوانێ‌، سوود لە: ماڵپەری ئاژانسەكانی دەنگوباس یان رۆژنامە و دەزگاكانی راگەیاندنی خۆی یان دەرەوەش وەربگرێ‌.
ئەگەر پەیامنێر لە ئاژانسی دەنگوباس كاربكات، لەسەر ئەو گەیاندنی زانیارییەكانە بەزووترین كات و دەستەی نووسەرانیش پێویستە هەرنەبێ جارێك كۆنترۆلی بەرهەمەكە لەراستی و دروستی بكات. ئەم كۆنترۆلكردنە، كەمێك بڵاوكردنەوە دوادەخات، بەڵام بۆئەوەی دەزگا جێگای متمانە و باوەڕپێكردنی هەمیشە بێت پێویستە ئەنجام بدرێ‌َ.
ئەركی پەیامنێر:
بۆئەوەی پەیامنێر لەكاركردنی تووشی هەڵە نەبێت پێویستە ئەو ئەركانەی خوارەوەی خۆی بزانێ:
- یاسای راگەیاندن، بنەماكانی ئەخلاقی پیشە و دابونەریتی شوێنی كاركردن.
- ماف و ئەركی لەو دەزگای ئەو كاری لێدەكات.
- شارەزایی لە تەواوی ژانرەكانی رۆژنامەوانی هەبێت.
- ئەو زمانەی ئەو كاری پێدەكات زۆر باش بیزانێ‌.
- هونەری كورتكردنەوە و خێرانووسین، خاڵبەندی و داڕشتنەوەی تێسكت، دانانی سەردێر و نووسینی لید بزانێ‌ و بتوانێ‌ یاری بەوشە بكات.
- ڕێزمانی ئەو زمانەی كاری پێدەكات، باش بزانێت.
- چۆنێتی نووسینەوەی تێكست لە ریكۆردەر بۆ سەر كۆمپیوتەر بزانێ‌.
- هەموو كاتێك بۆ رەوانەكردنی هەموو شوێنێك بۆ كاركردن ئامادەبێت.
مافەكانی پەیامنێر:
- لەكاتی پێویست بەگوێرەی یاسا، بۆی هەیە سەیری هەموو ئەو بەڵگانە بكات، كە بۆ ئامادەكردنی بەرهەمی پێوستی پێیەتی و نابێ هیچ دەرگایەكی لێدابخرێ‌.
- داوا لە دەزگا بكات، ئەو كەلوپەلانەی پێویستن بۆ دەوڵەمەندكردنی بابەتەكەی بۆی دابین بكەن یان یارمەتی بدەن و لەكاتی پێویستیش تەلەفۆنی بۆ شوێنی پێویست بۆ بكەن و نامە و پشتگیری بدەنێ‌.
لەراستیدا ماف وئەركی رۆژنامەنووسی پەیامنێر بە پێكهاتنە و زۆربەی جاریش ماف و ئەرك بە یاسا دابین دەكرێ‌ و هەندێك جاریش سەندیكای رۆژنامەنووسان لەگەڵ خاوەن دەزگاكانی راگەیاندن بەیەوەكەوە دەینووسن و لەسەر خاڵە گرنگەكان پێكدێن و هەردووكلاش وەك یەك پێیەوە پابەندی دەبن. هەموو ئەو كەلوپەلانەی پەیامنێر بۆ كاری پەیامنێری بەكاری دەهێنی، پێویستە لەلایەن دەزگای راگەیاندنەوە بۆی دابینكرابێت. جگە لەوانەی سەرەوە پێویستە، ئەو خەرجییە زیادیانەی دێنە پێش وەك: هاتوچوو، خورادن، كارتی مۆبایل، وەرگرتن و رەوانە كردنی زانیاری، بێگرفت وەیانبگرێتەوە.
زۆرجار بۆ وەرگرتنی زانیاری پێویست، پەیامنێر ناچارە كەس یان كەسەكان داوەت دەكات و ڕوودەدات، ئەو كەسانە داوای پارەش دەكەن، بۆیە چاكە ئەگەر بودجەیەكی بچوك هەبێت و بە ئارەزووی خۆی و لەكاتی پێویست بتوانێ‌ بەكاری بێنێ.
لەسەر شێوەی كاركردن، جگە لەوەی بەنووسراوی و یاسا هەیە، زۆرجار دەزگای راگەیاندن، هەندێك خاڵی تایبەت بە دەزگای خۆشیان هەیە و رۆژنامەنووس لەسەری پێویستە پەیرەویان بكات، بۆئەوەی ئەوكار وەربگرێ‌. بەهەمان شێوە، ڕوودەدات، هەندێك خاڵی تایبەت بە بنەمای ئەخلاقی راگەیاندنیان هەیە و رۆژنامەنووس پێویستە پەیرەویان بكات.
ئەوەی پەیامنێر ئامادەی كردووە، مەرج نییە وەك خۆی و بێدەستكاری بڵاوبكرێتەوە. دەستەی نووسەران یان بەڕێوەبەر و ئەنجومەنی دەزگا لەسەر بڵاوكردنەوەی یان بڵاونەكردنەوەی دوا دەستەڵاتیان هەیە.
پەیامنێر لەسەری پێویستە شارەزای باشی لە سیاسەتی بەڕێوەەبردنی دەزگا هەبێت، بۆئەوەی لەسەر داخوازی ئەوان چیرۆكەكان دابڕێژی.
جۆرەكانی پەیامنێر:
پەیامنێر زۆر جۆریان هەیە و لێرە زیاتر باس لە هەرە بڵاوەكانی دەكەین.
پەیامنێری ناوەوەی وڵات: لێرە رۆژنامەنووس بوارێكی تایبەت وەك: سیاسەت، ئابووری، فەرهەنگ، وەرزش، كۆمەڵایەتی...هتد هەڵدەبژێرێ یانیش پێشتر بۆخۆی هەڵیبژاردووە و شارەزایی زۆری پەیداكردووە و هەركاتێك پێویست بكات، لەلایەن دەستەی نووسەرانەوە یان ئەنجومەنی دەزگا رەوانەی شوێنی رووداو دەكرێت و زانیاری كۆدەكاتەوە و بەرهەمی پێویست ئامادە دەكات. 
پەیامنێری دەرەوە: ئەو رۆژنامەنووسانەن لەسەر داوای دەستەی نووسەران یان ئەنجومەنی تەلەفزیۆن یان رادیۆ رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن و لەوێندەرەوە هەواڵ و دەنگوباس دەنێرن. پەیامنێری دەرەوە جگە لە زانینی زمانی دایك، لەسەریان پێویستە بەلای كەم زمانی ئەو دەوڵەتەی بۆی چووە زۆر بەباشی بزانێ‌، هەروەها یاسا و دابونەریتی، باری كۆمەلایەتی و فەرهەنگی ئەو وڵاتیش زۆرباش بزانێ‌. پێویستە لەو بوارەی ئەو كاری لەسەر دەكات، پسپۆرێكی زۆر باش بێت. پەیامنێری دەرەوە پسپۆرییان فراوانە و دەتوانن لەسەر زۆربەی بوارەكانی ژیان رایان هەبێ و قسەی لەسەر بكەن.
پەیامنێری جەنگ:
ئەمانە كەسانی پسپۆرن لەسەر جۆرەكانی شەڕ، شارەزاییان لە تەقەمەنی و جۆرەكانی چەك هەیە، هەروەها دەزانن بە چ جۆرێك زانیاری پێویست كۆبكەنەوە و بۆ دەزگاكانیان رەوانەی بكەن. شوێنی كاری ئەمجۆرە پەیامنێرانە ناوجەرگەی شەڕ و راپەرینەكانە و جگە لە كۆكردنەوەی زانیاری فێركراین چۆن بە باشترین شێوە ژیانیان لە مەترسی بپارێزن. پەیامنێری جەنگ، پڕمەترسیترین كاری رۆژنامەنووسانە و لە سەدەی 19 بەشێوەیەكی بەرفراوان كەوتە ناو راگەیاندنەوە.
پەیامنێری وەرزش:
كاری ئەو پەیامنێرانە دەكرێ‌ لەكاتی بۆنەكان وەك: ئۆلۆمپیات و یارییە جیهانییەكان بێت یانیش بەردەوام لەو وڵاتانەی چالاكی وەرزشی زۆرە بژیت هەواڵ و راپۆرتەكانی بنێرێت. لەبەر ئەوەی بەخێوكردنی ژمارەیەكی زۆر لە پەیامنێران لە دەرەوەی وڵات خەرجی زۆرە، زیاتر ئەو كادرانەی بۆ ئەو وڵاتانە رەوانە دەكرێن، لە زۆربەی وەرزشەكان زانیاری پێویستیان هەیە.
پەیامنێری فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی:
كاری ئەمجۆرە پەیامنێرانە، كۆكردنەوەی زۆرترین زانیارییە لەسەر لایەنی فەرهەنگی دەكاتە: فێستیڤالەكان، هەفتەی رۆشنبیرییەكان، چالاكی شانۆ و نمایشكردنی فیلم، دەركردنی كتێب و دروستكردنی كلیپ لەگەڵ هەموو ئەو كارانەی پەیوەندییان بە لایەنی فەرهەنگییەوە هەیە، پەیامنێر پێویستە بتوانێ‌ لەسەریانەوە مەتریال ئامادە بكات.
پەیامنێری كۆشكی سپی و پەرلەمانەكان:
زیاتر رۆژنامەنووسانی خاوەن ئەزموون و بەتەمەن كاری پەیامنێری لەو شوێنانە دەكەن. ئەوانە ستایلی ژیانیان جیایە و ئاشقی سیاسەتن و بیروبۆچوونەكانیان زۆربەی جار راست بێلایەنانە و تەواو دەردەچێت. ئەو پەیامنێرانە، جگە لە سیاسەت، شارەزاییان لە هونەری دیپلۆماتیش هەیە. 
گرفتەكانی دێنەبەردەم پەیامنێری كەم ئەزموون:
- گرفتی رۆژنامەنووس یان پەیامنێری گەنج لەوەدایە، بە ئاسانی جیاوازی لەنێوان ژانرەكانی رۆژنامەوانی ناكات، رستەكانیان یان دەربڕینیان مەنتقی نییە و نووسینەكانیان پێش و پاشی تێدا... نازانن لە چیەوە دەستپێبكەن و چۆن پەیامیان بە كورتی و رەوانی و باشی بەجەماوەر بگەینن. بەئاسانی تووشی نەخۆشی خۆدەرخستن دێن و لەجەماوەر دادەبڕێن، بۆیە بەرهەمیان لاوازە و درەنگ دێنەوە سەرخەت.
پەیامنێری خاوەن ئەزموون:
پەیامنێرانی خاوەن ئەزمون پەیامەكەیان وەك نۆتەی مۆسیقا یان هەڵبەست نووسین دەنووسن و بینەر یان خوێنەر و بیسەر ئەگەرچی زانیاری وەردەگرن، لەهەمان كات، ئەو نووسینە یان دەنگە بێزاركەر نییە و تامی خۆش و مێلۆدیای تایبەت دەبەخشن.
ئەو كەسەی كاری پەیامنێری دەكات، پێویستە بەلای كەم دەرچووی كۆلێژ بەتایبەتیش ئاداب، یاسا یان ئابووری بێت و لەمەش باشتر ئەگەر بەشی راگەیاندنی تەواو كردبێت.
ئەوانەی سەرەوە هەندێك لە جۆرەكانی پەیامنێر بوون، لێرەش پەیامنێر بۆ رۆژنامە و گۆڤار لەگەڵ بۆ رادیۆ و تەلەفزیۆن، ئەگەرچی لە جەوهەردا یەك پیشەیان هەیە، لەگەڵ ئەمەش، شێوەی كاركردنەكان و رەوانەكردنی مەتریالەكان ئامادەكردنی زۆر لەیەك جیان. هەربۆنموونە: پەیامنێرانی رادیۆ و تەلەفزیۆن، لەهەركاتێك پێویست بكات، دەبێ ئامادەبن بە شێوەی زندی لەسەر خەت بن و ئازادانە بتوانن پەیامیان بەشێوەی زندی بگەینن و وەڵامی پەرسیاری رۆژنامەنووسی ستۆدیۆ بەشێوەیەكی زۆر جوان بدەنەوە.
لێرە لایەنی دیكەش وەك هەڵبژاردنی جل و دیكۆر و باكگراوندیش پێویست و گرنگە بیری لێبكرێتەوە.
لە دەزگا بچووكەكانی راگەیاندن، لەبەر ئەوەی توانای دامەزراندنی ژمارەی زۆری رۆژنامەنووسانیان نییە، ئەوانەی هەن، ناچارن لەسەر زۆربەی بوارەكان كار بكەن و زانیاری پێویستی لەسەر كۆ بكەنەوە و بەرهەمی پێویست ئامادە بكەن.
رۆژنامەنووس دەتوانی بەشێوەی كاتی یان هەمیشەیی یان بەگرێبەست كاری پەیامنێری بكات.
پەیامنێری هەمیشەیی لە دەزگایەكی راگەیاندن كار دەكات و ترسی لێسەندنەوەی كاری نییە. پەیامنێری كاتی بۆ ماوەی كورت دادەمەزرێن و مافیان وەك پەیامنێر هەمیشەیی نییە. دەزگای راگەیاندن لە شێوەی پارچەش لە رۆژنامەنووسانی ئازاد دەتوانن بەرهەم بكڕن. ئەمشێوە كرینە هەرزانترین وەدەستهێنانی زانیارییە، بۆیە لە وڵاتانی رۆژئاوا بەمدواییە بایەخی زۆری پێدەدرێ‌.
زۆرجار بۆئەوەی ئەو هەواڵ و دەنگوباسانەی بڵاوی دەكەنەوە، دروست و راست و هەرزان بكەوێت، لەگەڵ ئاژانسێكی دەنگوباس یان زیاتر گرێبەست دەبەستن و سوود لە زانیارییەكانی ئەوانیش وەردەگرن. لێرە بەگوێرەی پێكهاتنە، بۆ شێوەی بڵاوكردنەوەی، ئایا وەك خۆی و بێدەستكاری بەرهەمەكە بڵاوبكەنەوە یانیش دەستكاری نووسین یان بەرهەمەكە بكەن. بۆ تەلەفزیۆنیش ئایا لۆگۆی ئاژانسی لەسەر بێت، یان فیلم یان وێنەكە بێ لۆگۆ بڵاوبكەنەوە... بۆهەرجۆرێك نرخێك هەیە.
لایەنی كۆپیرایت لە دەزگاكانی راگەیاندن زۆر گرنگە، بۆئەوەی كەس مافی نەخورێ‌. ئەگەر كەسی رۆژنامەنووس لە دەزگایەك كاربكات، دیارە پێش هەموو شتێك ئەو تەواوی بەرهەمەكانی بۆ دەزگای خۆی رەوانە دەكات و لێرە كاری ئەو تەواو دەبێت، دەزگاش لە بڵاوكردنەوە و فرۆشتنی ئازادە. 

دكتۆر سەپان

تێبینی ئەم بابەتە لە گۆڤاری پەڕەموچ بڵاو کراوەتەوە

No comments:

Post a Comment